ماڵپەڕی ناحیەی سێگردکان

Click here to edit subtitle

دەربارەی سێگردکان

هەندێك زانيارى دەربارەى ناحیەی سێگردكان
ناحیەی سێگردكان یەكێكە لەناحیەكانی پارێزگای هەولێر,سەربەقەزای كۆیە,دەكەوێتە (75) كم باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەولێر و بەدوری (60) كم لەباشوری خۆرئاوای قەزای كۆیە دەڕوانێت بەسەر زێی بچووك لە نێوان ناحیەكانی (تەق تەق و ئاڵتون كۆپری) و سەرەتای دروست بوونی سێگردكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی (1790-1800).
ناوی ناحیەی سێگردكان لەوە وە هاتوە كە سێ‌ گرد دەكەوێتە ناوسنوری شارەوانی ناحیەكە,ئەوانیش گردەكانی (خدری زندە,میرسێودین,هەوارتاعون) بۆیە ناوی سێگردكان وەرگیراوە لەو سێ‌ گردەوە.

ساڵانی هەشتاكان مەڵبەندی شۆرش و لانەی پێشمەرگە بووە و ناوەندێكی ڕۆشنبیری بووە بۆ ناوچەكەو ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی سێگردكان لەساڵی 1986نزیكەی (2500) كەس بووە و نزیكەی (450) خێزانی تێدا نیشتە جێ‌ بووە و لەساڵی (1958)قوتابخانەی لێ‌ كراوەتەوە و تاپۆلی سێ‌ ی ناوەندی هەبووە .
یەكێك لە گرنگترین دەسكەوتەكانی شۆرش,هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گوندەكان بووە لەساڵانی هەشتاكان كەتوانیویانە بەكاری هەرەوەزی تەواوی ئاوەڕۆی ماڵەكان كۆنكرێت بكەن .
لەسەردەمی ڕژێمی بەعس دووجار ڕوخێنراوە لەساڵەكانی (1986و 1988) .

مێژوو (مێژووی یەكەی كارگێڕی – ناوی یەكەی كارگێڕی).

ساڵی (2005) و لەبەرواری 28/4/2005 بڕیاری (استحداپ) كردنی ناحیەی سێگردكان درا و لەبەرواری 11/9/2005 یەكەم بەڕێوەبەری ناحیەدەست بەكار بووە كە ئەويش مافپەروەر (عمر احمد محمد) بوو كەدەرچووی كۆلێژی یاساو ڕامیاری / بەشی یاسایە لەساڵی 1996. لە 9/2/2013 دەستی لە كار هەڵگرت.
دووەم بەڕێوە بەری ناحیە كە ئەويشيان مافپەروەر ( فاتح حسێن حمدامین) لە بەرواری 10/2/2013دەست بەكاربووە تائێستا.
ژمارەی گوندەكانی ئەم ناحیەیە لە (10) گوند پێكهاتووە كەبریتین لەگوندەكانی ( ئۆمەرگومبەت / سێكانی / قەمبەر / تازەدێ‌ / ئاوماڵ / سارتك / نێڵەگین / كانی سلێمانە / بەردەسپی و جلبەسەر) كەتەواوی گوندەكان ئاوەدانن جگە لەگوندی كانی سلێمانە چۆلە.

ڕووبەری گشتی ناحیەكە نزیكەی (100000) سەدهەزار دۆنمە و ڕووبەرێكی كشتووكاڵی باشى هەیە لەبەرئەوەی دەكەوێتە سەرزێی بچووك واتە ناوچەیەكی كشتووكاڵی گرنگە .

لە گرنگترین شوێنەوارەكانی ناوچەكە .
( چاكی ئۆمەرگومبەت / قەڵاتی ســـــێگردكان )

دەكرێ‌ بكرێتە ناوچەیەكی گەشتیاری گرنگ لـــــە داهاتوودا .

هەڵكەوتەی جوگرافی.

سێگردكان(362)م لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە,دەكەوێتە نێوان هێڵی پانی (35,52) بۆ وه (35,87) ی باكوری گۆی زەوی وە لەنێوان هێڵی درێژی (44,52) بۆ(44,44)پلەی ڕۆهەڵاتی گۆی زەوی یە.ڕووبەری زەوی و زاری سنوری سێگردكان( 12100)دۆنمە و ڕووبەری شیاوی بۆ چاندن (2591) دۆنمە,(7000)حەوت هەزار دۆنمی پاوان و لەوەڕگایە, ڕووبەری بەراوی( 2348)دۆنمە, ڕووبەری پشتاوی (2816) دۆنمە.

باری ئابوری (لەڕوی مرۆیی – سامانی ئاژەڵ – رووەكی - بەرووبومی كشتوكاڵی – سامانە سروشتیەكان).
سنوری ناحیەی سێگردكان سنورێكی كشتوكاڵی یە و دەوڵمەندە بەسەرچاوەی ئاوی زێ‌ ی بچووك.ڕوبەرێكی زۆری زەوی كشتوكاڵی بەپیت و بەرەكەتی هەیە و خەڵكەكەی ژیانیان لەسەر كشتوكاڵ و ئاژەڵداریە,لەئێستادا هەرچەندە گرینگی دان بەئاژەڵداری لاوازبووە بەڵام خەڵكەكەی پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسیان دەست داوەتێ‌ ژمارەیەك پڕۆژەی باخ و بەخێوكردنی ماسی لەقۆناغەجیاوازەكانی بنیات نان دان.

لەگرنگترین پڕۆژەی خزمەت گوزاری :
• پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ناحیە .
• پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكانی ( ئۆمەرگومبەت /سێكانی / قەمبەر / تازەدێ‌ / ئاوماڵ) .
• گەیاندنی كارەبای نیشتمانی بۆ سەنتەری ناحیەو تەواوی گوندەكانی .
• پڕۆژەی ئاودێری لەگوندی ئاوماڵ .
• دروست كردنی ئاوەڕۆو كۆنكرێت و شۆستە .
• دروست كردنی باخچەیەك بەڕوبەری (4) چوار دۆنم لەمەڵبەندی ناحیە.
• دروست كردنی ڕێگای سەرەكی و قیرتاوكردنی لەتەق تەقەوە بۆ سێگردكان .
• دروست كردنی یاریگای تارتان .
• لەگەڵ چەندین خزمەت گوزاری تر